جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لیژنەکانی پەرلەمان دەستیان کردوە بە هەڵسەنگاندنی یاساکان و پرسی حەشدی شەعبیش یەکێکە لە پرسە لەپێشینەکان.
عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵیی عێراقی ڕاگەیاند، دوای تەواوبوون و یەکلابوونەوەی لیژنە پەرلەمانییەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران، دەستیان کردووە بە کارەکانیان بۆ هەڵسەنگاندنی یاساکان و پێشکەشکردنیان بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران.
گوتیشی، لە ئێستادا لیژنەکان دەستیانکردوە بە ئامادەکردنی کۆمەڵێک یاسا و بۆ خوێندنەوەی یەکەم پێشکەشکراون، هەروەها تەواوی بابەتە یاساییەکان بە گوێرەی گرنگییان و قۆناغ بە قۆناغ دەخرێنە ناو بەرنامەی کارەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین یاسای گرنگ هەن بۆ ئەوەی پەرلەمان بەزوویی کاریان لە سەر بکات، هەریەک لە یاساکانی حەشدی شەعبی و نەوت و گازیش لەپێشینەی تەواوی بابەتەکان و کارەکانی پەرلەمانن.