لوبنان پشتڕاستی کردەوە، جۆزێف عەون پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنجام داوە، بەڵام دەنگۆکانی سەبارەت بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی ڕەت کردەوە.
سەرۆکایەتیی کۆماری لوبنان ڕایگەیاند، جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان، ڕۆژی پێنجشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنجام داوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هیچ ئاماژەیەک بە بوونی پەیوەندی یان گفتوگۆ لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل نەکراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا هەواڵی دژبەیەک لە بارەی ئەگەری گفتوگۆی ڕاستەوخۆی تەلەفونی لە نێوان عەون و نەتانیاهۆ بڵاو بووەوە.
دۆناڵد ترەمپ پێشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەی بەوە کردبوو، ڕێبەرانی لوبنان و ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە پێکەوە گفتوگۆ دەکەن. ئەمە دەبووە یەکەم گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوولا لە چەند دەیەی ڕابردوودا.
سەرچاوەکانی حکومەتی لوبنان ئاشکرایان کردووە، جۆزێف عەون بە مارکۆ ڕۆبیۆی ڕاگەیاندووە کە وەڵامی هیچ پەیوەندییەکی لەو شێوەیە ناداتەوە.