بەڕێوەبەرى گشتیی تەندروستى سلێمانى ڕایگەیاند، پێداویستییە پزیشکییە سەرەتاییەکان لە نەخۆشخانەکان بەردەستن، بەڵام هیچ نەخۆشخانەیەک نییە، تەواوی هەموو پێداویستییە پزیشکییەکانی هەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، سەباح هەورامى، بەڕێوەبەرى گشتیی تەندروستیى سلێمانى لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی، هۆکارەکانی کەمی دەرمان لە نەخۆشخانەکان بە هۆی نەبوونی بودجەی پێویست و نەختینە لە بانکەکان و درەنگ گەڕانەوەی ڕەزامەندیی وەزارەتی داراییە بۆ کڕینی دەرمان.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێداویستییە پزیشکییە سەرەتاییەکان لە نەخۆشخانەکان بەردەستن بەڵام، هیچ نەخۆشخانەیەک نییە، تەواوی پێداویستییە پزیشکییەکانی هەبێت.
دەربارەی پرسی غەزەڵ مەولان گوتی، هێشتا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە و هەر کەسێک کەمتەرخەم بووبێت، ئەوا ڕێکاری یاسایی بەرانبەر دەگیرێتەبەر.