ئیسرائیل گەورەترین شەپۆلی بۆردومانی لە دوای ڕێککەوتنی ئاگربەستی مانگی نیسانەوە بۆ سەر خاکی لوبنان دەستپێکرد و بەهۆیەوە دەیان کەس بوونە قوربانی، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش ڕایدەگەیێنێت ئۆپەراسیۆنەکانیان فراوانتر دەکەن.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە هێرشێکی بەربڵاودا زیاتر لە 100 پێگەی حیزبوڵڵای لوبنانی لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کردووەتە ئامانج.
لە بەرانبەردا وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ئاشکرای کرد کە تەنیا لە دواین شەپۆلی هێرشەکاندا، لانیکەم 31 کەس گیانیان لەدەستداوە کە لە نێویاندا منداڵ هەن.
هاوکات بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی فراوانتر دەکات بە ئامانجی دروستکردنی ناوچەیەکی ئەمنی بۆ پاراستنی باکووری ئیسرائیل.
ئەمە لە کاتێکدایە، پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەلایەن هەردوولاوە، مەترسیی هەرەسهێنانی تەواوەتیی ئاگربەستەکەی هێناوەتە ئاراوە.