تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی تورکیا ڕایگەیاند کە ئەوان ناچارن پڕۆسەی چارەسەریی پرسی کورد سەربخەن.
هەروەها هۆشداریشی دا کە لە ئەگەری سەرنەکەوتنی ئەم پڕۆسەیەدا، هەم ئەوان و هەم دەسەڵاتی تورکیاش ڕووبەڕووی شکستێکی قورس دەبنەوە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی باسی لەوەش کرد کە بەردەوامی و سەرکەوتنی پڕۆسەی چارەسەری تەنیا لە بەرژەوەندیی گەلی کورددا نییە، بەڵکو لە سایەی سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیەدا ٨٦ ملیۆن هاوڵاتیی تورکیا دەتوانن لە کەشێکی ئارام و ئاسوودەدا بژین.
باکرهان جەختی لەوە کردەوە کە بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەکە، پێویستە سەرەتا یاسای گونجاو و پێویست لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە پەسند بکرێت، تاوەکو ڕێگە خۆش بێت بۆ ئەوەی هێزەکانی پەکەکە دەستبەرداری چەک بن و بتوانن لە دەرفەتێکی لەباری کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بەشداریی لە کایەکاندا بکەن.
هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لە کۆتایی قسەکانیدا ڕەخنەی لە شێوازی بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان گرت و ڕایگەیاند کە سیاسەتکردن تەنیا بە خوێندنەوەی نییەتی لایەنی بەرانبەر ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە هەنگاوی کۆنکرێتی هەیە، چونکە دواخستن و ئەنجام نەدانی هەنگاوی کردەیی لەم قۆناغەدا بووەتە هۆی دروستبوونی بێمتمانەییەکی قووڵ لەناو کۆمەڵگەدا.