سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکانی دۆسیەی "گوڵستان دۆکو" کە ماوەیەکی زۆرە لە ناوەندە گشتییەکاندا باسی لێوە دەکرێت، زانیارییەکی نوێ و سەرنجڕاکێش ئاشکرا بوو.
لە بارەی تونجای سۆنەل، پارێزگاری پێشووی دێرسیم، کە یەکێکە لە گومانلێکراوە سەرەکییەکانی ناو دۆسیەی لێکۆڵینەوەکە، زانیاریی نوێ بەدەست هاتووە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، تونجای سۆنەل کە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووبوو، بە ناسنامەیەکی ساختەوە لە هۆتێلێک لە شاری خارپێت ناوی خۆی تۆمار کردبوو. دوای ئەوەی شوێنەکەی دەستنیشان کرا، سۆنەل لە لایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کرا.
عەلی چیمەن، پارێزەری گوڵستان دۆکو لە ڕێگەی هەژماری خۆی لە سۆشیاڵ میدیا لێدوانێکی لە سەر ئەم بابەتە دا. عەلی چیمەن ڕایگەیاند، "تونجای سۆنەل وەک سەرۆکی ڕێکخراوێکی تاوانکاری، لەو شوێنەی لێی دەمایەوە بە ناسنامەیەکی ساختەوە دەستگیر کرا."
ئاماژە بەوەش دراوە، تونجای سۆنەل دوای دەستبەسەرکردنی، براوەتە شاری ئەرزەڕۆم و بڕیارە لەوێ گوتەی لێ وەربگیرێت.