تولای هاتیمۆغوڵاری، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، دوای سەردانیکردنی محەمەد سدیق ئاکیش، هاوسەرۆکی لە کار لادراوی شارەوانیی جۆلەمێرگ و ژمارەیەک لە زیندانیانی سیاسی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبەردەم زیندانی سزا قورسەکانی شاری وان، هەڵوێستی پارتەکەی لە بارەی پرسی قەیومەکان ڕاگەیاند.
تولای هاتیمۆغوڵاری بە ئاژانسی میزۆپۆتامیای ڕایگەیاند: "ئەو سزایەی بەسەر سەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگدا سەپێندراوە نایاساییە. ئەم بڕیارانە هەوڵێکن بۆ تێکدانی پڕۆسەی ئاشتی و بێدەنگ کردنی ئیرادەی گەل، چونکە هێنانە سەرکاری کەسانی دەستنیشانکراو لەبری هەڵبژێردراوان، نیشانەی پاوانخوزییە".
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی: "ئەو ڕەزامەندییەی ناتوانن لە ڕێگەی دەنگی گەلەوە بەدەستی بهێنن، دەیانەوێت بە زۆرەملێ و لە ڕێگەی قەیومەوە بیسەپێنن، ئێمە لێرەوە سوێند دەخۆین تا ئازادبوونی هاوڕێیانمان سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگن یوکسەکداغ و هەموو زیندانیانی سیاسی تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت".
تولای هاتیمۆغوڵاری گوتیشی: "ئەم داواکارییە تەنیا بۆ دەم پارتی نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی مافی سەرجەم دەنگدەران و ئەو سەرۆک شارەوانیانەی جەهەپەشە کە ئێستا لە زیندان دان".
لە دوای هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەمساڵەوە، حکومەتی تورکیا دەستی گرتووە بەسەر چەندین شارەوانیی باکوری کوردستان و لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە کەسانی نزیک لە خۆی وەک قەیوم لە شوێنی سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان دەستنیشان کردووە.
تولای هاتیمۆغوڵاری: دەبێت یاسای قەیوم هەڵبوەشێندرێتەوە
هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی ڕایگەیاند، سەپاندنی قەیوم دژی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتییە و داوای کرد سەرجەم ئەو کەسانەی بە دەنگی گەل هەڵبژێردراون، بگەڕێنەوە سەر پۆستەکانی خۆیان.