ته‌ندروستیی عێراق دڵنیایی له‌باره‌ی ده‌رمان ده‌دات و ڕایگه‌یاند، سه‌ره‌ڕای داخستنی گه‌رووی هورمز، به‌ڵام دۆخی دابینكردنی ده‌رمان جێگیره و هیچ كێشه‌یه‌ك نییه.
ئەمڕۆ یەكشەممە 12ـی نیسانی 2026، ساڵح حەسناوی وەزیری، تەندروستیی عێراق به ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ڕاگه‌یاند، سه‌ره‌ڕای داخستنی گه‌رووی هورمز و دواكه‌وتنی هاورده‌ی هه‌ندێك ده‌رمان، به‌ڵام دۆخی دابینكردنی ده‌رمان جێگیره و حكومه‌تیش له هه‌وڵدایه بۆ ئه‌وه‌ی جێگره‌وه بۆ هاورده‌کردنی دەرمان بدۆزنه‌وه.
ئاشكراشی كرد، وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ڕه‌زامه‌ندیی وه‌رگرتووه بۆ ئه‌وه‌ی، جێگره‌وه بۆ هاورده له گه‌رووی هورمزه‌وه بدۆزێته‌وه و بۆ ئه‌وه‌ش كۆمپانیاكانی هاورده‌ی ده‌رمان، سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ن باره‌كانیان بگوازنه‌وه بۆ ئه‌و ده‌روازانه‌ی دیكه، كه تا ئێستا له‌ژێر كۆنترۆڵی عێراقدا ماونه‌ته‌وه.
به‌هۆی داخستنی گه‌رووی هورمز له سه‌ره‌تای جه‌نگه‌وه، به‌شێكی زۆر له‌و پێداویستییانه‌ی كه پێشتر له‌و گه‌رووه‌وه هاورده ده‌كران، ئێستا كه‌مبوونه‌ته‌وه و هه‌ندێكیشیان له بازاڕدا نرخیان به‌رزبووه‌ته‌وه.
سه‌ره‌ڕای ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ستی نێوان ئه‌مریكا و ئێران، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا گه‌رووه‌كه به داخراوی ماوه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ش ئه‌و وڵاتانه ناچار ده‌كات به دوای جێگره‌وه‌دا بگه‌رێن، كه پێشتر له‌و گه‌رووه‌وه پێداویستییه‌كانیان هاورده ده‌كرد.