ڕاستەوخۆ

ترەمپ پێشنیازی نوێی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ  ڕەتدەکاتەوە

reset font size increase font size

تاران لە ڕێگەی پێشنیازێکی 14 خاڵییەوە ئامادەیی نیشان دەدات بۆ دانوستان لە سەر کردنەوەی گەرووی هورمز، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا جەخت لە سەر نەهێشتنی توانای ئەتۆمیی ئێران دەکاتەوە.

میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە، تاران پێشنیازێکی نوێی ئاراستەی ئەمریکا کردووە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی گەرووی هورمز.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیش بڵاویکردەوە، تاران لە بەشێکی مەرجەکانی پێشووی پاشەکشەی کردووە و پێشنیازی کردووە، کردنەوەی گەرووی هورمز هاوکات بێت لەگەڵ گەرەنتییەکانی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و لادانی گەمارۆی سەر بەندەرەکان، لە کاتێکدا پێشتر لادانی گەمارۆکانی وەک مەرجی پێشوەختە دانابوو.

ڕۆژنامەکە ئەوەی ئاشکرای کردووە، پێشنیازەکەی تاران لە 14 خاڵ و دوو قۆناغ پێکهاتووە؛ قۆناغی یەکەم تایبەتە بە کۆتاییهێنان بە جەنگ و پرسی گەرووی هورمز، قۆناغی دووەمیش بۆ گفتوگۆیە لە سەر سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمی لە بەرانبەر کەمکردنەوەی سزاکان.

ئێران ڕایگەیاندووە، ئەگەر واشنتن ڕازی بێت، هەفتەی داهاتوو شاندێک دەنێرێتە پاکستان.

لە بەرانبەریشیدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕازیبوونی خۆی بەم پێشنیازە نیشان نەدا و ڕایگەیاند، "ئەوەی ئەوان دەیانەوێت من ناتوانم ڕەزامەندییان لەسەر بدەم".

ترەمپ جەختی کردەوە، ئەوان نایانەوێت ڕێککەوتنێک بکەن کە سێ ساڵی دیکە کێشەکە سەرهەڵبداتەوە و گوتی، "ئەوان بۆ ئەو ڕێککەوتنەی ئێمە دەمانەوێت تەسلیم نابن، ئێمە دەبێت کارەکە بە دروستی تەواو بکەین".

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، ناتوانێت گەمارۆی سەر بەندەرەکان لابدات، چونکە ئەو گوشارە بۆ ناچارکردنی ئێرانە تاوەکو دەست لە پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵبگرێت.

ترەمپ گوتیشی، "ئێمە لە بەر ئەوە لە جەنگداین، چونکە ناتوانین ڕێگە بدەین شێتەکان دەستیان بە چەکی ئەتۆمی بگات".

هەروەها لە بارەی بژاردە سەربازییەکانیش کە لەلایەن براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆمەوە خراوەتە بەردەستی، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، بژاردەی زۆریان لەبەردەستە و گوتی، "ئایا دەمانەوێت بڕۆین و بە توندی تێکیان بشکێنین و بۆ هەمیشە کۆتاییان پێ بهێنین، یان دەمانەوێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن هەوڵ بدەین".

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.