دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی نوێ و تووند دا هەڕەشەی وێرانکردنی ئەو بەشانەی ژێرخانی ئێرانی کرد کە هێشتا هێرشیان نەکراوەتەسەر و دەڵێت، ئامانجی داهاتووی سوپای وڵاتەکەی پردەکان و وێستگەکانی کارەبای ئێران دەبن.
دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نوسیوویەتی، "سوپاکەمان، کە بە جیاوازییەکی زۆر گەورەترین و بەهێزترین سوپای جیهانە، هێشتا تەنانەت دەستی نەکردووە بە وێرانکردنی ئەوەی لە ئێران ماوەتەوە".
ترەمپ وەک ئاماژەیەک بە ئامانجی داهاتووی هێرشەکانیان لە دژی ئێران دەڵێت، "دواتر پردەکان دەبنە ئامانج، پاشان وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا". ئەم هەڕەشەیە لە کاتێکدایە ترەمپ پێشتر مۆڵەتی بۆ تاران درێژکردبووەوە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، ئەگەرنا وێستگەکانی وزە وێران دەکات.
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی پەیامەکەیدا ڕووی دەمی دەکاتە سەرکردە نوێیەکانی تاران و نوسیوویەتی، "کات لە بەرژەوەندیی تاراندا نییە و دەبێت گۆڕانکارییەکان بە خێرایی ڕوو بدەن".