دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، لەکاتی بەشداریکردنی لە ئێوارەخوانی ڕۆژنامەنووسان لە هۆتێل "هیڵتن"ـى واشنتن لە هەوڵێکی تیرۆرکردن ڕزگاری بووە و دەشڵێت، هێرشبەرەكە "بکوژێکی بەکرێگیراوە"بووەو داوا لە گەلی ئەمریكا دەكات یەكگرتووبن.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەمیانەی ئێوارەخوانێک لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان لە هۆتێل "هیڵتن"ـى واشنتن ڕایگەیاند، کەسێک بەناوی کۆڵ تۆماس ئالین تەمەن 31 ساڵان هەوڵی تیرۆرکردنی داوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو کەسە بکوژێکی بەکرێگیراو بووەو هێرشیکردووەتە سەر کارمەندانی ئاسایش، بەڵام ئامانجی سەرەکی تەقەکەرەکە تیرۆرکردنی خۆی بووە.
ترەمپ دەشڵێت، تەقەکەرەکە چەندین چەکی پێبووەو لە مەودایەکی زۆر نزیکەوە تەقەی لە ئەفسەرێک کردووە، بەڵام ئەفسەرەکە چاکەتی گولەنەبڕی لەبەردابووەو ئەمەش وایکردووە ڕزگاری ببێت، سەبارەت بە پەیوەندی ئەم هێرشە بە جەنگی ئێرانەوە ترەمپ ڕایگەیاند، پێیوانییە هێرشەکە پەیوەندی بە جەنگی ئێرانەوە هەبێت و لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن گوتیشی، هێزە ئەمنییەکان ماڵی هێرشبەرەکەیان پشکنیوەو پێدەچێت بەتەنیا ژیابێت.
هاوکات، داواکاریی گشتی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێرشبەرەکە ڕۆژی دووشەممە دەبرێتە بەردەم دادوەر و دادگایی دەکرێت و پۆلیسی واشتنیش دەڵێت، هێرشبەرەکە ماوەیەک لە هۆتێلەکە ماوەتەوەو لە ئێستادا لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، هاوکات بەرپرسێکی ئەمنی ئەمریکاش ڕایگەیاندووە، تۆمەتبارەکە تەنها چەکی ڕاو و چەقۆی پێبووە.


