بڕیاری دووبارە دەستگیرکردنەوەی ئەو منداڵە کوردانەی کە لە ئاهەنگەکانی نەورۆزی ئیستەنبوڵدا دەستبەسەر کرابوون، شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتیی لە باکووری کوردستان و تورکیا لێکەوتووەتەوە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە داواکاری گشتیی کۆماری لە ئیستەنبوڵ تانەی لە بڕیاری ئازادکردنی سێ منداڵ گرت کە تەنیا بەهۆی بەشداریکردنیان لە چالاکییەکانی نەورۆزدا دەستگیرکرابوون و تانەگرتنەکەش بووە هۆی ئەوەی دوو لەو منداڵانە جارێکی دیکە ڕەوانەی زیندان بکرێنەوە.
لەمبارەیەوە ڤەیسەڵ دەمیرکایا، بەڕێوەبەری لقی ئیستەنبوڵی "کۆمەڵەی یاساناسانی ئازادی" ڕایگەیاند کە ئەو سێ منداڵە لە ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٦ بە بڕیاری فەرمیی دادگا ئازادکرابوون، بەڵام هەر لە هەمان ڕۆژدا و بە پێداگیریی داواکاری گشتی، بڕیارەکە هەڵوەشێنرایەوە و هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ منداڵەکانیان دەستگیر کردووەتەوە.
هاوکات پارێزەری دۆسیەکە هۆکاری سەرەکیی گرتنی منداڵەکانی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە یەکێک لە منداڵەکان تەنیا بەهۆی هەڵکردنی ئاڵای فەرمیی هەرێمی کوردستان لە کاتی ئاهەنگەکەدا دەستبەسەرکراوە.
لە کاتیکدا منداڵی دووەم بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخراو" بەهۆی وێنەگرتن لەگەڵ پۆستەرێک کە ڕەنگەکانی نەتەوەیی (سەوز، سوور و زەرد)ی پێوەبووە گیراوە، و منداڵی سێیەمیش بەهۆی بەرزکردنەوەی وێنەیەکی عەبدوڵڵا ئۆجالانەوە ڕووبەڕووی هەمان تۆمەتی یاسایی بووەتەوە.
دەمیرکایا جەختی لەوەش کردەوە کە بەگویرەی دەقە یاساییەکان و بڕیارە پێشینەکانی خودی دادگای باڵای تورکیا، هەڵگرتن یان پیشاندانی ئەم هێما و ڕەنگانە بە هیچ شێوەیەک تاوان نییە، بەڵام دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە بە شێوازێکی سیاسی و دەرەوەی یاسا، وەک ئامرازێکی گوشاری بەردەوام دژی ناسنامەی کورد لە ناوچەکەدا بەکاریان دەهێنن.