حکومەتی عێراق ڕژدبوونی خۆی لەسەر بەردەوامبوونی هێرش و هەڵمەتەکانی دژی گەندەڵی، دەستگیرکردنی تۆمەتباران و ڕاپێچکردنیان بۆ بەردەم دادگە دووپات دەکاتەوە؛
سەرچاوە ئاگادارەکانیش ئاشکرای دەکەن کە بەمزووانە قۆناغی دووەمی ئەو هەڵمەتە دەستپێدەکات کە دەیان بەرپرس و کەسایەتیی دەستڕۆیشتوو دەگرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، لیستێک بە ناوی دەیان بەرپرس، خاوەن پێگە، کەسایەتیی سیاسی و پەرلەمانتاری عێراقی بوونی هەیە کە تۆمەتبارن بە کەرستەکانی گەندەڵی، بەهەدەردانی سامانی گشتی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات.
لە قۆناغی یەکەمدا ژمارەیەک لەوانە دەستگیرکران، لە قۆناغی دووەمیشدا کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەستپێدەکات، شەپۆلێکی نوێی دەستگیرکردن دەستپێدەکاتەوە.
هاوکات، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری، بە نیازە پارێزبەندیی یاسایی لەسەر ژمارەیەک پەرلەمانتار هەڵبگرێت کە ناویان لە لیستەکەدا هاتووە بۆ ئەوەی هێزە ئەمنییەکان بتوانن دەستگیریان بکەن.
دەستبەسەرداگرتنی ملیاران دینار و زێڕ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان لە تەنیا یەک بەدواداچووندا لە ماڵی تۆمەتبارێکی گەندەڵی لە شاری تکریت، دەستیان بەسەر ٢٥ ملیار دینار، یەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و پێنج کیلۆگرام زێڕدا گرتووە.
دادوەریی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە کە تاوەکو ئێستا کۆی گشتیی ئەو پارانەی لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا دەستیان بەسەردا گیراوە، گەیشتووەتە ١٢٧ ملیار دینار و ٢٤ ملیۆن دۆلار.
لەم پێناوەدا، شەوی ڕابردوو لایەنەکانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی (شیعەکان) بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کۆبوونەوە؛
لەو کۆبوونەوەیەدا پشتیوانیی ڕەهای خۆیان بۆ هەنگاوەکانی حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی دەربڕی و داوایان کرد میکانیزمەکانی چاودێری زیاتر بەهێز بکرێن.
دەستپاکیی عێراق: سوپرایزی گەورەمان بەڕێوەیە
لەسەر دەنگۆی ساردبوونەوەی هەڵمەتەکان، دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاند کە کارەکانیان بە چڕی بەردەوامە و لە ڕێگەی پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل)ەوە خەریکی ڕاوەدووچوون و قۆڵبەستکردنی ئەو تۆمەتبارانەن کە بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵاتوون. دەستەکە بەڵێنی بە هاووڵاتیان دا کە لە ماوەیەکی کەمدا "سوپرایزی گەورە و دڵخۆشکەر" لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵکاراندا ئاشکرا دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا جەختی لە سزادانی توندی سەرپێچیکاران کردەوە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بەڵێنی دا کە هەر هاووڵاتییەک یان فەرمانبەرێک دۆسیە و بەڵگەی گەندەڵی ئاشکرا بکات، پاداشتی دارایی گەورەی پێدەدرێت.