ڕاستەوخۆ

بەغدا ڕەزامەندی لەسەر هەڵدانەوەی سەرجەم گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئێزدییەکان نیشان دەدات

reset font size increase font size

فەرمانگەی پزیشکیی دادوەری لە بەغدا ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ هەڵدانەوە و ناساندنی سەرجەم گۆڕە بەکۆمەڵەکانی قوربانییانی دەستی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە شنگال.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە خالید سەیدۆ، نوێنەری کۆتای ئێزدییەکان لە پەرلەمانی عێراق، سەردانی فەرمانگەکەی کرد و لەگەڵ زەید عەباس، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پزیشکیی دادوەری کۆبووەوە.

 

لە کۆی 95 گۆڕی بەکۆمەڵ تا ئێستا 74 گۆڕ هەڵدراونەتەوە

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تا ئێستا نزیکەی 95 گۆڕی بەکۆمەڵیی قوربانییانی ئێزدی لە دەوروبەری شنگال دۆزراونەتەوە، کە لەسەر دەستی چەکدارانی داعش کۆمەڵکوژ کرابوون.

لەو ڕێژەیەش تەنیا 74 گۆڕ هەڵدراونەتەوە و توانراوە ڕووفاتی 857 قوربانی لە ناو گۆڕەکان بهێندرێنە دەرەوە.

نوێنەری ئێزدییەکان جەختی کردەوە کە بەغدا بەڵینی هاوکاریی تەواوی داوە بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی کە تا ئێستا بە داخراوی ماونەتەوە.

 

داوای جێبەجێکردنی ڕێکارە یاساییەکان بۆ گۆڕەکانی خانەسۆر دەکرێت

سەبارەت بە دواکەوتنی پڕۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ناوچەی خانەسۆر و مەزارگەی شەرەفەدین، خالید سەیدۆ ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە دەستبەجێ ڕێکارە یاساییەکان جێبەجێ بکرێن تاوەکو لە نزیکترین کاتدا ئەو گۆڕانەش بکرێنەوە و ناسنامەی قوربانییەکان دیاری بکرێت.

 

پاش 12 ساڵ لە جینۆساید؛ هێشتا 270 هەزار ئێزدی لە کەمپەکاندان

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی 12 ساڵ بەسەر کارەساتی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا، هێشتا زیاتر لە 270 هەزار ئاوارەی شنگال لە ناو 15کەمپی جیاوازی سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆدا دەژین.

 ئاوارەکان هیوادارن کە کۆتایی بە ژیانی سەختی ژێر چادرەکان بهێنرێت، ناوچەکانیان ئاوەدان بکرێتەوە و بتوانن بە سەربەرزییەوە بگەڕێنەوە بۆ زێدی باوان و سەرەکیی خۆیان لە شنگال.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.