پەرلەمانتارێکی مێردین هۆشداری دەدات لە مامەڵەکردنی دەوڵەت لەگەڵ پرسی کورد بە نەفەسی کاتکوشتن و جەخت لەسەر پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕیشەیی و یاسایی دەکاتەوە کە مافەکانی گەلی کورد و ئیرادەی سیاسییان بپارێزێت.
بێریتان گیونەش، پەرلەمانتاری مێردینی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند، مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورد بە تاكتیکی و کات کوشتن نیشانەی بێباکییەکی گەورەیە، پرسی کورد پرسێک نییە بە دواخستن تێپەڕێنرێت.
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، "دوای سەدەیەک لە خۆڕاگریی گەلی کورد لە بەرانبەر ستەمکاری، دەوڵەت زۆر باش دەزانێت نەک کات کوشتن، بگرە مەرگیش ناتوانێت ئیرادەی ئەم گەلە بشکێنێت".
بێریتان گیونەش گوتیشی، بەردەوامیی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجالان، وەک ئەندازیاری سەرەکیی پرۆسەی ئاشتیی، نیشانەی ترسی دەوڵەتە لە توانای چارەسەریی ناوبراو. جەختی لەوەش کردەوە، دنیابینی ئۆجالان دەتوانێت تورکیا یەکبخات و لە ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیپارێزێت.
هەروەها گوتی، دەبێت ئاشتی لەناو پەرلەماندا و بە دەرکردنی یاسا بنیات بنرێت، نەک لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی کاتیی و بانگەشەی هەڵبژاردن.