ڕاپۆرتی/ بڕوا ستار
پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان، کە زیاتر لە 17 ملیار دۆلاری لێ خەرج دەکرێت، چیتر بۆ عێراق و تورکیا تەنها بۆیەی سەر کاغەز نییە، بەڵکو لەگەڵ هاتنی سەرمایەی زەبەلاحی قەتەر و ئیمارات بۆ ئەو دوو وڵاتە، ئەم هێڵە ئاسنین و وشکانییە بازرگانییە، کە قوڕقوڕاگەی هەرێمی کوردستان دەگرێت و دەبێتە واقیع. لەپاڵ ئەوەی ئەم ڕێگەی گەشەپێدانە بۆ عێراق دەبێتە گەشەپێدانی سەرمایەیەکی گەورە، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان، دەبێتە بەڵای سەر و گەشەسەندنی مەترسییەکی گەورە.
خاڵی هەرە مەترسیدار لە ڕێککەوتنە نوێیەکەی نێوان عێراق و تورکیادا، گۆڕینی ڕێڕەوی هێڵە بازرگانییەکەیە. کە بە درێژایی دەیان ساڵ، دەروازەی ئیبراهیم خەلیل تاکە ڕێڕەوی متمانەپێکراو بووە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا. بەڵام نەخشەی پڕۆژە نوێیەکە (گەشەپێدان)، هەموو ڕیسەکە لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە بە خووری.
ڕێڕەوەکە چۆن دەگۆڕێت؟
ڕێڕەوەکە لە بەندەری فاوی گەورەوە لە باشووری عێراق دەستپێدەکات، بە بەغدا و موسڵدا تێدەپەڕێت، پاشان دەچێتە سێگۆشەی سنووری (عێراق-تورکیا-سوریا) و لە دەروازەیەکی نوێوە بە ناوی ئۆڤاکۆی دەربازی ناو باکووری کوردستان و تورکیا دەبێت، بەشێوەیەکە کە بەناو خاکی هەرێمی کوردستان تێناپەڕێت و چیتر ئیبراهیم خەلیل بۆ عێراق بە تاکە دەروازەی ناچاری نامێنێتەوە و لەمەودوا لەبری ئەو باجە گومرگیەی هەرێم کۆیدەکردەوە، لەدەستی دەچێت و یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەکانی داهاتییشی لەدەست دەدات.
ڕیفراندۆم وەک هۆکار
لەدوای ڕیفراندۆمی ساڵی 2017دا، وەک سزادانی هەرێمی کوردستان، تورکیا بۆ بەستنەوەی ڕاستەوخۆی ئەنقەرە بە بەغداد، بە شێوەیەکی فەرمی هەڕەشەی داخستنی ئیبراهیم خەلیل و کردنەوەی ڕێگەی (ئۆڤاکۆی-تەلەعفەر)ی کرد، کە ڕێڕەوەکە عێراق و تورکیا لە پشتەوەی هەرێم بە یەک دەگەیەنێت.
بۆیە ئەوەی ئەو کات تەنیا کاردانەوەیەکی سیاسی و هەڕەشەیەکی کاتی بوو، ئەمڕۆ بە بەرنامە و بە ناوی (پڕۆژەی نیشتمانیی عێراق)ەوە کاری لەسەر دەکرێت، تاوەکو بەغدا کۆنتڕۆڵی تەواوی هێڵە سنوورییەکان بگرێتەوە دەست و هەرێمی کوردستان لەرووی ئابوورییەوە زیاتر قەتیس بکات.
لێکەوتە کارەساتبارەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان
ئەگەر ئەم پڕۆژەیە بەبێ بەشداری پێکردنی هەرێم جێبەجێ بکرێت، زەبرێکی کوشندە بەر ئابوورییەکەی دەکەوێت، بە شێوەیەک (ئیبراهیم خەلیل)، کە ساڵانە ملیارەها دۆلار جووڵەی بازرگانی و داهاتی گومرگی تێدایە، چیتر بە کردنەوەی ئۆڤاکۆی دەبێتە سنوورێکی ئاسایی و ئەو خێروبێرەی نامێنێت.
لەلایەکی دیکەوە پێگەی جوگرافی هەرێمی کوردستان و تاقانە دەروازەکەیەتی لەگەڵ تورکیا و ئەوروپا، کە هەمیشە خاڵی بەهێز بووە لە دانوستانەکانی لەگەڵ بەغدا و دراوسێکانی. ئەمەش وادەکات بە کردنەوەی ئەو دەروازەیە و گەیشتنی ڕاستەوخۆ بە تورکیا، چیتر بەغدا پێویستی بە سازشکردن بۆ هەرێم نەمێنێت.
لەڕووی ئابوورییشەوە، کردنەوەی ئەم دەروازە تازەیە دەبێتە هۆی ئەوەی هەزاران کۆمپانیای لۆجستی، شۆفێری بارهەڵگر و کارمەندی ناوچەکانی زاخۆ و دهۆک سەرچاوەی داهاتییان بکەوێتە مەترسییەوە.
ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆژەکە
سەرەڕای ڕێککەوتنی نێوان وڵاتانی بەشدار، پڕۆژەکە بێ کێشە نییە، تێپەڕبوونی ئەم ڕێڕەوە بە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکووری عێراقدا (بەتایبەت دەوروبەری موسڵ و شنگال)، ئاسان و بێ قڕە نییە، چونکە تورکیا دەمێکە هاواری ئەوەیەتی کە پێویستە ئەو ناوچەیە پاک بکرێتەوە و شەنگالیش حکومەتی عێراق بە تەواوی کۆنتڕۆڵی بکات، چونکە ئەوان پێیان وایە کە خۆبەڕێوەبەری شەنگال ئاستەنگی سەرەکییە لە بەردەم پڕۆژەکەدا.
لەلایەکی دیکەوە، بوونی هەژموونی ئێرانە بەسەر کەتیبەکانی حەشدی شەعبی لەو ناوچەیەدا، کە بە گومانەوە لە پرۆژەکە دەڕوانێت و نایەوێت وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، چونکە پێیوایە ئەو پڕۆژەیە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی هەژوومنی تورکیا بەسەر ناوچەکەدا، کە بە تایبەتیش سوونەشینە.
لە ئەنجامیشدا ئەوەی ڕوونە، سەرەڕای ئاستەنگەکانی بەردەمی، خەریکە پڕۆژەی (ڕێگەی گەشەپێدان)، دەبێتە راستی و قوڕقوڕاگەی هەرێمی کوردستان دەگرێت. ئەگەر ناوەندی بڕیار لە هەرێمی کوردستان تەنیا ڕۆڵی تەماشاکر ببینێت، ئەوا لە چەند ساڵی داهاتوودا (ئیبراهیم خەلیل) لە خاڵێکی ستراتیژیی نێودەوڵەتییەوە دەبێتە تەنیا مەرزێکی ناوخۆیی بچوک.
