سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، ڕۆژی سێشەممە (4ی ئابی 2026) ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت، کۆبوەوە بۆ دۆزینەوەی "میکانیزمێکی گونجاو" بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە قەیرانی سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخەکەی.
بەهۆی کاریگەرییەکانی ململانێ هەرێمییەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی ماددە سەرەتاییەکانی دروستکردنی سووتەمەنی، کێبڕکێ و کورتهێنان لە وێستگەکانی سووتەمەنی دروست بووە، ئەوەش حکوومەتی ناچار کردووە دەستوەردان بکات.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا تەواوی داتا و زانیارییەکان لەبارەی بڕی سووتەمەنی و ژمارەی وێستگەکانی دابەشکردن کۆ کراونەتەوە و نرخەکانی ئێستا بەم شێوەیەن:
بەنزینی نۆرماڵ: ١,٢٧٥ دینار
بەنزینی محسن: ١,٧٥٠ دینار
بەنزینی سوپەر: ١,٩٩٠ دینار
لە کۆبوونەوەکەی هەفتەی رابردووشدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردبوو کێشەکە بە زووترین کات و بە شێوازێک چارەسەر بکرێت کە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان ڕەچاو بکات.
هاوکات لەو کۆبوونەوەیەدا داوا لە حکوومەتی فیدراڵی کرا پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوتی خاو لە ٥٠ هەزار بەرمیلەوە بۆ ١٢٦ هەزار و ٧٠٠ بەرمیل بەرز بکاتەوە، کە لەگەڵ ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمدا دەگونجێت.