ئەمڕۆ دووەمین دانیشتنی دادگایکردنی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی بەڕێوەدەچێت و پارێزەرانی دۆسییەکە دەڵین، نازانن دادگاییەکە تەنیا گواستنەوەی دۆسیەکەیەتی یان دادگایکردنیانە.
دوای زیاتر لە هەشت مانگ لە دەستبەسەربوونیان، بڕیارە ئەمڕۆ دووەمین دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل و پۆڵاد شێخ جەنگی برای بەڕێوەبچێت.
لەوبارەیەوە دانا تەقییەدین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی دۆسیەکە دەڵێت، دادگاییەکەی ئەمڕۆ بۆ هەریەک لە لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی و 10 کەسی دیکە بەڕێوەدەچێت.
گوتیشی، لاهور شێخ جەنگی بەگوێرەی مادەکانی 56 و 406 لە یاسای سزادانی عێراقیی دادگایی دەکرێت، کە تۆمەتەکانی کوشتن و هەوڵی کودەتا لە خۆدەگرێت.
لە شەوی 21/22ـی ئابـی ساڵی ڕابردوو لەچوارچێوەی ڕووداوەکانی لالەزاری گەڕەکی سەرچناردا، جیا لە کوژرانی پێنج کەس لە هەردوولا، لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و نزیکەی 200 کەسی دیکە دەستگیرکران.
لە ئێستادا کەمتر لە 20 کەس لە زیندان ماون و تاوەکو ئێستا دادگایی نەکراون و دوو هەفتە بەر لە ئێستا دۆسیەکەیان لە ئاساییشەوە بۆ دادگەی تاوانەکانی دووی سلێمانی گوازرایەوە.