ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند، ناهێڵن بارگژیی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیا تێکبدات و بەتەواوەتی ئەم بابەتە چارەسەر دەکرێت و لە ڕۆژەڤی گەلی تورکیادا نامێنێت.
دوێنێ 8ـی نیسانی 2026، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکە سەرۆککۆماری تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیوویەتی، بە دڵخۆشییەوە پشتگیری لە هەوڵەکانی ئاشتی و دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو ڕێکارێکی ئەمنییان گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی سەروەری سنورەکانیان و هەروەها جەختی لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە سنورەکانی عێراق کردەوە.
گوتووشیەتی، پێویستە یەکپارچەیی خاکی سوریا بپارێزرێت و پڕۆسەی یەکگرتنی هێزەکان "هەسەدە و حکومەتی کاتیی" لە چوارچێوەی یەک دەوڵەت، یەک گەل و یەک ئاڵا بەڕێوەبچێت و تورکیاش بەردەوام دەبێت لە هاوکارییەکانی بۆ سوریا.
ئاشکراشیکردووە، پێویستە ڕێگری لە هەوڵە داگیرکارییەکانی ئیسرائیل لە باشوری لوبنان بکرێت و چونکە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە. دەشڵێت، پێویستە سەرجەم کێشە و ناکۆکییەکان لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنەکانەوە چارەسەر بکرێن و تورکیاش وەک دوورگەی ئاشتی بمێنێتەوە.