بارەگای خاتەمولئەنبیای ئێران ڕایگەیاند، هێزەکانی سوپای پاسداران لە وەڵامی هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا، شەپۆلێکی نوێی هێرشی موشەکی و درۆنییان بۆ سەر ژێرخانی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە ئەنجامداوە.
ئیبراهیم زولفەقاری گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا ڕایگەیاند، هێزەکانی سوپای پاسداران لە چوارچێوەی هێرشەکانی "بەڵێنی ڕاستی 4"دا، 98ـەمین شەپۆلی هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە فەرماندەیی و لۆجیستییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزی دەریایی سوپای پاسداران کەشتیی کۆنتێنەری ئیسرائیلییان بە موشەکی کروز پێکاوە و کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکیش ناچارکراوە بەرەو قوڵایی زەریای هیندی پاشەکشە بکات.
جەختیشیکردەوە، ناوەندە ستراتیژییەکانی تەلئەبیب، حەیفا، کۆمپانیا کیمیاییەکانی بێرشەبا و کۆبوونەوەی سەربازانی ئیسرائیل لە پێتەح تیکڤا بە موشەکی بالیستی پێکراون.
بە گوێرەی گوتەکانی زولفەقاری، هێرشەکان بنکەی ئەلعودەیری لە کوهیت، بنکەی ڤیکتۆریا لە بەغداد و بنکەی ئەلخەرجیان گرتووەتەوە، تێیاندا فڕۆکەی سیخوڕی و ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا کراونەتە ئامانج.
ئاشکرایشیکرد، پێنج بنکەی لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان و ناوەندێکی بەرهەمهێنانی درۆن لە ئیمارات کراونەتە ئامانجی هێرشەکانیان.