بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی ئێران لە زیندانی قزڵحەسار سزای لەسێدارەدانیان بەسەر عیرفان شەکوورزادەدا جێبەجێ کرد، کە گەنجێکی تەمەن 29 ساڵ و خوێندکاری بەشی ئەندازیاریی فڕۆکەوانی بوو.
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی "مێهر"ی فەرمیی ئێران، ناوبراو تۆمەتبار کرابوو بە "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا" لە رێگەی کارکردنی لە ناوەندێکی زانستیی تایبەت بە بواری مانگی دەستکرد و گواستنەوەی زانیاریی نهێنی بۆ دەزگاکانی مۆساد و CIA.
لە بەرانبەردا چالاکوانانی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن کە شەکوورزادە بۆ ماوەی چەندین مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا هێڵدراوەتەوە و لەژێر ئەشکەنجە و گوشاری دەروونیی تونددا بووە بۆ ئەوەی "دانپێدانانی زۆرەملێ" لە دژی خۆی واژۆ بکات.
هەروەها رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پێشتر چەندین جار هۆشدارییان دابوو کە پڕۆسەی دادگاییکردنی ئەم گەنجە بەبێ بوونی پارێزەر و دوور لە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی دادپەروەری بووە.
جێبەجێکردنی ئەم سزایەش لە کاتێکدایە کە ئێران لەم ماوەیەی دواییدا لەژێر ناوی پاراستنی "ئاسایشی نەتەوەیی"، گوشارەکانی بۆ سەر چالاکوانان و کەسایەتییە ئەکادیمییەکان زیاد کردووە و سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک لە دژی ئەو کەسانە بەکاردەهێنێت کە تۆمەتی پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیل دەخرێتە پاڵ.