سەرچاوەیەکی ئەمنی لە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل بە کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی ڕاگەیاندووە، شەوی ڕابردوو لە هێرشێکیاندا بۆسەر تاران، عەلی لاریجانی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێرانیان کردوەتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەش کردووە، هێشتا سوپای ئیسرائیل چاوەڕێی ئەنجامی ئەو هێرشە دەکات کە بە هەڵسەنگاندنی زیانەکانی شەڕ ناسراوە، بۆ ئەوەی بزانێت ئایا لاریجانی کوژراوە یان نا.
ئەمە لە کاتێکدایە، هیڕشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران و بە ئامانجگرتنی کەسایەتییە سیاسی و و بنکە سەربازی و هەواڵگیرییەکانی ئێران بەردەوامە و ئێوارەی دوێنێ، هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل شەپۆلێکی هێرشی ئاسمانی بەرفراوانیان بۆسەر شارەکانی تاران، شیراز و تەبرێز ئەنجامدا.
هەروەها، سەرچاوە ئیسرائیلییەکە بە سی ئێن ئێن-ی ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە چەند هێرشێکی جیادا کەسایەتییە باڵاکانی جیهادی ئیسلامیی فەلەستینی، کە گرووپێکی چەکداریی نزیک لە ئێرانە لە غەززە، کردوەتە ئامانج.