ئه‌مڕۆ چواری شوبات رۆژی جیهانی شێرپه‌نجه‌یه، چه‌ند هۆكار هه‌ن بۆ تووشبوون به شێرپه‌نجه، جگه‌ره كێشان سه‌ره‌كیترینیانه.
دیار نه‌قشبه‌ندی به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی هیوا له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، شێرپه‌نجه یه‌كسان نیه به مردن، چه‌ندین هۆكار هه‌ن بۆ تووشبوون به شێرپه‌نجه، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی شێرپه‌نجه له‌جیهاندا جگه‌ره كێشانه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ته‌نها له‌مانگی یه‌كی ئه‌مساڵدا 476 بۆردی نوێ تۆماركراوه كه له ته‌واوی عێراقه‌وه سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی هیوایان كردووه له سلێمانی، له‌و ژماره‌یه‌ش ته‌نها 285 حاڵه‌تیان شێرپه‌نجه بووه، له‌كۆی گشتیی له سه‌دا 20ی ئه‌و نه‌خۆشانه‌ش له سنوری سلێمانی بوون.
وتیشی، نه‌خۆشخانه‌ی هیوا گرفتی ده‌رمانی هه‌یه، چونكه ئه‌و بودجه‌یه‌ی هه‌یانه به‌شی ده‌رمان و پێداویسته‌كانیان ناكات، داواشی له حكومه‌ت و سه‌رمایه‌داران و خێرخوازان كرد هاوكاری زیاتری سندوقی هاوكاری نه‌خۆشخانه‌ی هیوا بكه‌ن.