جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی، ئەمساڵ لە هەلومەرجێکی هەستیاردا و بە بەشداریی ملیۆنان کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و جیهان، بە شکۆیەکی گەورەوە بەڕێوەچوو.
باکووری کوردستان؛ ئامەد و چاوەڕوانی بۆ پەیامی عەبدوڵا ئۆجالان
ناوەندی سەرەکیی پیرۆزبایییەکان شاری ئامەدە، تێیدا لە "پارکی نەورۆز"، سەدان هەزار کەس کۆبوونەوە. یەکێک لە گرنگترین بڕگەکانی نەورۆزی ئامەد لە ئەمساڵدا، چاوەڕوانیی جەماوەرە بۆ خوێندنەوەی پەیامی عەبدوڵا ئۆجالان کە بڕیارە بە زمانەکانی کوردی و تورکی ئاڕاستە بکرێت.
هاوکات لەم مەراسیمەدا، چەندین پەیامی سیاسیی گرنگ پێشکەش دەکرێن، لەوانە پەیامی بافڵ تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی، هەروەها پەیامی زیندانیانی سیاسی. جگە لە ئامەد، لە شارەکانی ڕحا، ئەرزنجان، شڕناخ و زۆربەی شار و ناوچەکانی دیکەی باکوور و هەروەها ئەستەمبووڵ، جەماوەر بە دروشمی ئازادی و یەکێتیی نەتەوەیی، مەیدانەکانیان تەنی.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ خۆڕاگری لەنێوان گەمارۆ و ئاگردا
سەرەڕای هەبوونی شەڕ، کەشی توندی سەربازی و بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت، مەشخەڵی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەکۆژایەوە. شاردێی "نێ" لە مەریوان بە کردنەوەی ئاگر، پەیامی خۆڕاگرییان گەیاند. راپۆرتە مەیدانییەکان باس لەوە دەکەن لە زۆر ناوچەی دیکەش هاووڵاتییان بە داگیرساندنی ئاگر، جەژنی نەتەوەیییان بەرز ڕاگرت.
باشووری کوردستان؛ لە قەندیل و مەخمورەوە بۆ قەڵا مێژووییەکان
لە باشووری کوردستان، ئاگری نەورۆز لە لوتکەی چیاکانی قەندیل و کەمپی مەخمور بە مەراسمێکی شایستە کرایەوە. هاوکات لەسەر قەڵای کەرکووک، هەولێر و ئاکرێ، مەشخەڵی نەورۆز بەرز کرایەوە و جەماوەرێکی زۆر بە جلی کوردییەوە بەشدارییان لە بۆنەکانی نەورۆزدا کرد.
بە هۆی گرژییەکانی ناوچە و هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر باشووری کوردستان ئەمساڵ هیچ بۆنەیەکی فەرمیی بۆ پیرۆزکردنی نەرورۆز بەڕێوە نەچوو.
ڕۆژئاوای کوردستان؛ پەیامی مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد
لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئاهەنگەکان لە هەموو شارە ناوچەکان، لەوانە دێریک، قامیشلۆ، حەسەکە، دربەسیە، کۆبانێ و حەلەب و هەروەها دیمەشق بە بەشداریی جەماوەریی هاووڵاتیان بە کردنەوەی ئاگری نەورۆز و وتنەوەی سروودی شۆڕشگێڕی و هەڵپەڕکێ بەڕێوەچوون.
هاووڵاتیان و بنەماڵەی شەهیدان پێش دەستپێکردنی ئاهەنگەکانی نەورۆز سەردانی مەزاری شەهیدانیان کرد و بەڵێنی خۆیان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی رۆژاڤا و مافەکانی کورد لە سوریا، دووپات کردوە.
هەروەها، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیلهام ئەحمەد بەشدارییان لە کردنەوەی ئاگری نەورۆز کرد و لە وتارەکانیاندا جەختیان لەسەر پاراستنی دەستکەوتەکان و یەکڕیزیی نێوان پێکهاتەکان کردەوە.
ئەوروپا؛ نەورۆزی تاراوگە و پەیامی جیهانی
کوردانی نیشتەجێی ئەوروپا، لە وڵاتانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا، سوید و سویسرا، شەقامە سەرەکییەکانیان کردە مەیدانی پیرۆزبایی. لە شارەکانی وەک بازل، برن، پاریس و ستۆکهۆڵم، کوردان و دۆستانیان بە داگیرساندنی ئاگر، داوای ئازادی و دادپەروەرییان بۆ گەلی کورد کرد.
لەم ئاهەنگانەدا کە تا درەنگانی شەو بەردەوام بوون، دایکان و گەنجانی کورد بە هەڵگرتنی مەشخەڵ و بەرزکردنەوەی دروشمەکانی یەکێتیی نەتەوەیی، نەورۆزیان وەک دەرفەتێک بۆ گەیاندنی دەنگی کورد بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەکارهێنا.