به نێوه‌ندگیریی ئه‌مریكا، ڕوسیا و ئۆكرانیا ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ئاگربه‌ستێكی كاتیی سێ ڕۆژە.
دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا له پلات فۆڕمی ترووس سۆشیال نوسیوویەتی، له ڕۆژی شه‌ممه 9ـی ئایار تاوەکو ڕۆژی 11ـی ئایار، سه‌رجه‌م چالاكییه سه‌ربازییەکانی نێوان ڕوسیا و ئۆكرانیا ڕاده‌گیرێت و هه‌زار دیلیش له نێوان مۆسكۆ و كییڤ ئاڵوگۆڕ ده‌كرێن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، گفتوگۆكان به‌رده‌وام ده‌بن بۆ كۆتاییهێنان به‌و جه‌نگه خوێناوییه‌ی نێوان ڕوسیا و ئۆكرانیا كه گه‌وره‌ترین جەنگە له دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانییه‌وە.
یوری ئۆشاكۆڤ، یاریدەدەری سەرۆكی ڕوسیا و ڕاوێژكاری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆشكی كریملن ڕه‌زامه‌ندیی حكومه‌تی مۆسكۆی نیشاندا بۆ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا و گوتی، گه‌یشتوونه‌ته ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا له باره‌ی ئاگربه‌ست بۆ ڕۆژانی ئاهه‌نگێڕانی ڕوسیا به بۆنه‌ی جه‌ژنی سه‌ركه‌وتنه‌وه.
هاوکات، ڤۆڵۆدیمێر زیلینسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیاش ڕایگه‌یاند، به هه‌وڵی دۆناڵد تره‌مپ، له‌گه‌ڵ ڕوسیا گه‌یشتوونه‌ته ڕێككه‌وتن بۆ ئاگربه‌ستێكی سێ ڕۆژه و هه‌زار دیلیش له نێوان هه‌ردوولا ئاڵوگۆڕ ده‌كرێن.
ڕاشیگه‌یاند، فه‌رمانی به سوپای ئۆكرانیا كردووه له‌و سێ ڕۆژه‌دا گۆڕه‌پانی سور له مۆسكۆ به ئامانج نه‌گرن.