ڕافایل گڕۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، پشکنەرانی ئاژانسەکە تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ ناو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و داواکارییەکانیان لە لایەن تارانەوە بێ وەڵام ماوەتەوە؛
ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایدەگەیەنێت پشکنەران تەنیا بۆیان هەیە سەردانی بەشێک لە دامەزراوەکان بکەن.
لێدوانەکەی ڕافایل گڕۆسی لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئێران بە تەواوی و بێ مەرج ڕازی بووە بە پشکنینی ئەتۆمی لە بەرزترین ئاستدا بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.
بەڵام لە بەرانبەردا، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەر جۆرە ڕێککەوتنێکی نوێی لەو شێوەیەی ڕەتکردەوە و جەختی لەسەر سنووردارکردنی دەسەڵاتی پشکنەران کردەوە.
خاڵی سەرەکیی ناکۆکیی نێوان هەردوولا، پێوەستە بەو دامەزراوە ئەتۆمییانەی وەک فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان کە ساڵی ڕابردوو لە لایەن هێزەکانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە بۆردومان کران.
ئێران دوای ئەو هێرشانە ڕێگەی لە گەڕانەوەی پشکنەران بۆ ئەو شوێنانە گرتووە و دەڵێت، هیچ یاسایەک نییە بۆ پشکنینی ئەو شوێنانەی هێرشی سەربازییان کراوەتەسەر.
لە بەرانبەریشدا ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پێداگری دەکات کە دەبێت تاران دەستبەجێ ڕێگە بە پشکنینی ئەو شوێنانە بدات.