ئەحمەد مستەفا عەلی، تەمەنی 25 ساڵ بوو، باوکی دوو منداڵ بوو. ئەحمەد فەرمانبەری گومرگ بوو لە کاتی هێرشەکان بۆ سەر کۆبانێ، لە ناو شارۆچکەی سریندا گەمارۆ درابوو و نەیتوانیبوو خۆی بگەیەنێتە لای خێزانەکەی.
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی بڵاوکراونەتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە مێژووەکەی بۆ 18ـی کانوونی دووەمی 2026 دەگەڕێتەوە، چەکدارانی عەشایەر بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە هێرشیان کردووەتە سەر ئەحمەد، سەرەتا بە دار لێیان داوە و بە قایش ملیان بەستووەتەوە و لەناو کۆڵانەکانی شارۆچکەکەدا ڕایان کێشاوە، دواتر بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
کەسوکاری ئەحمەد عەلی، بە نوچە تیڤییان ڕایگەیاند، دوێنێ جارێکی دیکە هەواڵی کوژرانی کوڕەکەیان پێ گەیشتووەتەوە. سەرەڕای ئەوەی لە هەندێک میدیادا بڵاوکرایەوە کە تەرمەکە ڕادەست کراوەتەوە، بەڵام خێزانەکەی ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەنەوە.
کەسوکارەکارەکەی جەختیان لەوە کردووەتەوە، تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار پەیوەندی پێوە نەکردوون بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمەکە و هێشتا لە چاوەڕوانیدان.