سەرۆکی ئەنجومەنی شاری سنە ڕایگەیاند، کرێی تەکسی و گواستنەوەی گشتی لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێژەی 42٪ زیادیکردووە.
فەرزاد زارعی دەشڵێ، دوای تەواوبوونی ڕێکارە یاساییەکان و رەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بڕیاری زیادکردنی کرێی تەکسی و پاس لەناو شاری سنە، کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئاماژە بەوەشدەکات، لە کۆبوونەوەی رۆژی 3ـی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی شاری سنە بە زۆرینەی دەنگ بڕیارەکە دراوە و دواتر بۆ وەرگرتنی رەزامەندی، رەوانەی قایمقامییەتی سنە کرا و پێویستە هەموو شۆفێران و خاوەن تاکسییەکانیش پابەندبن بەو نرخە نوێیانەوە.
جەختیشدەکاتەوە، هەر سەرپێچییەک لە وەرگرتنی کرێی زیاتر لە بڕی دیاریکراو، بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و بە پێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ.