ڕێكخراوی ڕووناك، وەك دامەزراوەیەکی كۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ، لە بانگەوازێكی فەرمیدا پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ تێكۆشانی ژنان و دەستەبەرکردنی دادپەروەری و ئازادییە مەدەنییەکان ڕاگەیاند.
ڕووناك ئاماژەی بەوە کردووە، "بە پیر بانگەوازی دایکانی ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەچن، بە مەبەستی پاراستنی ژیانی ئەو گەنجانەی مەترسیی سزای لەسێدارەدانیان لە سەرە، چونکە پاراستنی مافی ژنان بەشێکی دانەبڕاوە لە مافە گشتییەکانی مرۆڤ".
لە بەشێکی دیکەی بانگەوازەکەیدا، ڕێکخراوەکە پشتیوانیی بۆ هەموو ئەو زیندانیانە دەربڕیوە کە بەهۆی بیروڕای جیاواز یان چالاکیی مەدەنی و سیاسیی دەستگیرکراون و دەڵێت، "ئێمە ئەم جۆرە دەستبەسەرکردنانە بە پێشێلکارییەکی ڕوونی مافەکانی مرۆڤ و سنووردارکردنی ئازادییە بنەڕەتییەکان دەزانین".
لە کۆتاییدا، ڕووناك بانگەوازی ئاراستەی هەموو ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، هێزە سیاسییەکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە، هەڵوێستێکی یەکگرتوو وەربگرن بۆ ئازادکردنی بێ مەرجی زیندانیانی سیاسیی و کۆتاییهێنان بە سێدارە.
