بەبێ ئاگاداری پێشوەختە 20 گیراوی سیاسیی لە گرتووخانەی ئێڤینەوە بۆ گرتووخانەی قزڵحەسار گواستراونەتەوە، بەهۆی پچڕانی پەیوەندیی لەگەڵ کەسوکارەکانیان، نیگەرانییەکان لەسەر چارەنووسی ئەم بەندکراوانە ڕوو لە زیادبوونە.
ڕێکخراوی گیراوانی سیاسیی کوردستان و ئێران ڕایگەیاند، 20 گیراوی سیاسیی بەبێ ئاگاداری پێشوختە لە گرتووخانەی ئێڤینەوە بۆ گرتووخانەی قزڵحەسار ڕاگواستراون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لەئێستادا پەیوەندیی ئەم گیراوانە لەگەڵ خێزان و کەسوکاریان پچڕاوە و ئەمەش وایکردووە گومان لە چارەنوسی ئەو گیراوانە دروست ببێت.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، گومان دەکرێت لە ئێستادا ئەم گیراوانە لە ژووری تاکەکەسی دا ڕاگیرابن. تا ئێستا بەرپرسانی گرتووخانەی قزڵحەسار هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لە بارەی دۆخی ئەم گیراوانە نەداوە.
بەهۆی جەنگی نێوان ئێران-ئەمریکا، گوشاری بەرپرسانی گرتووخانەکانی ئێران و دەزگای دادوەری لەسەر گیراوانی سیاسیی ڕووی لە هەڵکشان کردووە و ئەمەش وایکردووە مەترسییەکان بۆ سەر ژیانی ئەم بەندکراوانە ڕوو لە زیادبوون بکات.
ئەم ڕاگواستنە کتوپڕانە لە کاتێکدایە، دەیان ڕیکخراو و چالاکوانانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن لە توندبوونەوەی زیاتری مامەڵەی هێزە ئەمنیی و دادوەرییەکان لەگەڵ گیراوانی سیاسی و داواکاری ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بە سەر چالاکانی سیاسیی و خۆپیشاندەرانن لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە.