گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، چالاکییەکانیان بۆ لێپرسینەوە لە سەرپێچیکاران دەستیپێکردووە و دەشڵێت، دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان هێشتا بڕیاری کۆتایی لێ نەدراوە.
عەقید سۆران محەمەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی، هەڵمەتی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس و هاتوچۆی گەرمیان بۆ لێپرسینەوە لە سەرپێچیکاران دەستیپێکردووە و هەڵمەتەکەش لە پێناو پارێزگاریکردن لە شارەکە و پاراستنی لە کەسانی تۆمەتبارە، کە لەسەر شەقامەکان بە ئۆتۆمبێلەکانیان یان بە چەک تاوان ئەنجام دەدەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم چالاکییانە بەردەوامی دەبێت و بەشێوەیەکی کتوپڕ و لەناکاو دەبێت، ئەو کەسانەشی لەلایەن دادگاوە داواکراون لەم چالاکییانەدا دەستگیر دەکرێن.
دەربارەی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکانیش باسی لەوەکرد، وەکو لیژنەی باڵای ئەمنیی لە سنوری گەرمیان هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە و یەکلایی نەبووەتەوە بۆ دەستبەسەراگرتنیان.
