کاتژمێر 6:30ـی خولەکی بەیانی ئەمڕۆ، کۆمپانیای نەوتی باکور بە فەرمی وێستگەی "سارالۆ"ی خستەگەڕ بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، توانای سەرەتایی هەناردەکردن لەم وێستگەیە ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتە و بڕیار وایە لە قۆناخەکانی داهاتوودا ئەم بڕە زیاتر بکرێت.
پرۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکە بە ئامادەبوونی ئەندازیار عامر موهەیری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکور و نوێنەری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
دوێنێ سێشەممە، شاندی دانووستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، تایبەت بە بابەتی هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆریی گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.