هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا، داوای ناساندنی جینۆسایدی ئەنفال، چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکە و چارەسەرکردنی خێرای تەنگژە ئابورییەکانی کرد.
تولای هاتیمۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە میانی کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند: ئەو ئازارەمان لەیاد نەکردووە و ناهێڵین لەیاد بکرێت. تورکیا دەتوانێت بە ناساندنی فەرمیی ئەنفال وەک جینۆساید، هاوسۆزی خۆی بۆ گەلی کورد نیشان بدات.
هاوسەرۆکەکەی دەم پارتی لە میانی گوتەکاندا، داوای ئاگربەستی هەمیشەیی و ئاشتییەکی دادپەروەرانەی کرد. ڕەخنەی لە هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی گرت و هۆشداریدا کە نابێت وەک تەماشاکەر بمێننەوە، چونکە ئاگری شەڕەکە هەمووان دەگرێتەوە.
تولای هاتیمۆغوڵڵاری بە توندی هێرشی کردە سەر سیاسەتە ئابوریی حکومەتی تورکیا و گوتی: لەنێوان ساڵانی 2021 بۆ 2026، نرخی نەوت لە جیهاندا دابەزیوە، بەڵام لە تورکیا 640% زیادیکردووە.
هاوکات، هاوسەرۆکی دەم پارتی، داوای کۆتاییهێنان بە سیستەمی قەیوم و گەڕانەوەی شارەوانییەکان بۆ دەستی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی گەل کرد.هاتیمۆغوڵڵاری: پێویستە تورکیا جینۆسایدی ئەنفال بناسێنێت.