وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە، چوار ڕۆژ پشوویان ڕاگەیاند کە لە سبەی یەکشەممەوە دەست پێدەکات تا ڕۆژی چوارشەممە.
وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا، بڵاویان کردەوە: بڕیاریان داوە، چوار ڕۆژ پشووی فەرمیی ڕابگەیەنن.
ڕوونیشیان کردووەتەوە، لەپێناو بەرژەوەندیی هاوبەش و پاراستنی گیانی مامۆستایان و خوێندکاران، لە سبەی یەکشەممە یەکی ئازارەوە، تا ڕۆژی چوارشەممە چواری ئازار، پشووی فەرمی دەبێت لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بەپێی ساڵنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە پێنجی ئازار، بەهۆی یادی ڕاپەڕینەوە پشووە و بەو هۆیەشەوە پشووەکە تا سەرەتای هەفتەی داهاتوو درێژ دەبێتەوە.
پشووەکەی خوێندنی باڵا و پەروەردە لە کاتێکدایە، لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکردووە و ئێرانیش لە بەرامبەردا، هێرش دەکاتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.