بەگوێرەی خەمڵاندنەکان زیانەکانی چل ڕۆژی داخستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتیی و ناوخۆییەکاندا، بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلارە. ئەمەش لەسەر بنەمای گەشتەکانی مانگی ئازار و نیسانی 2024، کە کۆی گەشتەکانی هەموو ساڵەکە، زیاتر لە 21 هەزار بووە و سەروو دوو ملیۆن و 400 هەزار کەسی گواستووەتەوە.
ساڵانە ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکانی هەرێمی کوردستان گۆڕاکاریی بەسەردا دێت، زیاتریش ڕوو لە زیادبوون دەکات، بەڵام بەگشتی لە 2011ـوە کە داتاکان بەردەستن، ساڵانە ئاسمانی هەرێمی کوردستان 20 بۆ 30 هەزار گەشتی ئاسمانی دەبێت و زیاتریشی نێودەوڵەتییە تاوەکو ناوخۆیی.
بۆ نموونە، بەگوێرەی ئامارەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی لە 2024ـدا کۆی گەشتەکان 21 هەزار و 764 گەشت بووە، کە 17 هەزار و 285 گەشتی نێودەوڵەتی و چوار هەزار و 479 گەشتیش ناوخۆیی بووە لەنێوان هەرێمی کوردستان و شارەکانی عێراق بووە.
زۆرترین گەشتی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی ساڵانە لەرێگەی فرۆکەخانەی هەولێرەوە دەکرێت. بەشێوەیەک لەکۆی ئەو 21 هەزار و 764 گەشتەی کراوە لەساڵی 2024ـدا، ڕێژەی 83٪ یان واتە 18 هەزار و 198 ی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بووە.
داهاتەکانی هەر فڕۆکەخانەیەک لە گەشتی هاتن و رۆشتنی فڕۆکەیەکدا جیاوازە و پێکدێت لە کرێی نیشتنەوە، داهاتی هەر گەشتیارێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، کرێی بارکردن و بەتاڵکردن، گواستنەوەی کاڵاکان و هتد..
لەسەر بنەمای ڕێکخراوی IATA بۆ چاودێریکردنی گەشتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کەمترین داهات بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان هەژمار بکەین، ئەوا زیانە مادییەکانی ئەم چل ڕۆژە بۆ گەشتە ئاسمانییەکان نزیکەی 416 ملیۆن دۆلارە، چونکە لەسەر بنەمای داتاکانی 2024 بەتێکڕا مانگانە کۆی خەمڵینراوی داهاتی فڕۆکەخانەکان و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی لە هەرێمی کوردستان 386 ملیۆن دۆلار بووە.
