وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە یەکەم حاڵەتی فەرمیی تووشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لەمساڵدا لە شاری دهۆک پشتڕاستکراوەتەوە، کە پیاوێکی شوان و تەمەن 47 ساڵەی دانیشتووی گوندی دووگرێیە لە ناحیەی سنونێ سەر بە قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەوا.
تووشبووەکە دوای چەندینجار سەردانیکردنی نەخۆشخانەکانی دیکە ڕووی لە دهۆک کردووە و لەوێ بەهۆی دەرکەوتنی نیشانەکان و هەبوونی بەرکەوتنی لەگەڵ ئاژەڵ، پشکنینەکانی پۆزەتیڤ دەرچوون و لە ئێستادا لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدا چارەسەر وەردەگرێت، بەڵام باری تەندروستیی ناجێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی جەخت لە هاوڵاتیان و بەخێوکەرانی ئاژەڵ دەکاتەوە کە لەکاتی دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست یان گومان لێکردن لە ئاژەڵەکانیان، بەخێریایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن و تیمەکانی ڤێترنەری ئاگادار بکەنەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر سەرجەم حاڵەتە گومانلێکراوەکانی هەرێمی کوردستان نێگەتیڤ دەرچووبوون و تەنها یەک حاڵەتی ناوەڕاستی عێراق ڕووی لە سلێمانی کردبوو کە ئەویش بە تەواوی چاکبووەوە و نەخۆشخانەی جێهێشت.