ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه ڕایگه‌یاند، ئه‌و جه‌نگه‌ی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كارییگه‌ریی زۆر گه‌وره و خراپی له‌سه‌ر كه‌رتی وزه و فرۆشی نه‌وت له بازاڕی جیهانیی دروستكردووه.
ئاژانسه‌كه له نوێترین ڕاپۆرتی مانگانه‌یدا له باره‌ی بازاڕی نه‌وت، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه، به‌هۆی داخستنی گه‌روی هورمز و به‌رده‌وامبوونی جه‌نگه‌كه، پێشبینی ده‌كرێت خستنه‌ڕوی نه‌وت بۆ بازاڕه‌كانی جیهان، ڕۆژانه له مانگی ئازاردا، هه‌شت ملیۆن به‌رمیل نه‌وت كه‌مبكات.
ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه ده‌شڵێت، به‌هۆی جه‌نگه‌كه‌وه وڵاتانی كه‌نداو به‌تایبه‌تیی عێراق و كوه‌یت و قه‌ته‌ر و ئیمارات و سعودییه، به‌رهه‌می ڕۆژانه‌یان كه‌مكردووه‌ته‌وه، كه نزیكه‌ی 10 ملیۆن به‌رمیل نه‌وته و نزیكه‌ی له %10ـی خواستی بازاڕی جیهانییه.
ئاژانسه‌كه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه، ئه‌گه‌ر جه‌نگه‌كه به‌رده‌وام بێت، زیانه‌كان زیاتر ده‌بن و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتیش بۆ ئه‌وه‌ی بگاته‌وه ئاستی پێشووی، پێویستی به چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه.
ڕۆژی چوارشه‌ممه ئاژانسه‌كه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی داواكارییه‌كانی بازاڕی نه‌وت و ڕێگریی له دروستبونی قه‌یرانی وزه، 400 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی یه‌ده‌گی كۆگاكراوی ئه‌ندامانی ئاژانسه‌كه‌ی خسته بازاڕه‌وه.