لە وەرچەرخانێکی چاوەڕواننەکراودا لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران، سەرچاوە میدیایییەکان ئاشکرایان کردووە، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە دوو دیداری جیاوازدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران و فەرماندەی سوپای قودس، هەڵوێستێکی توندی بەرامبەر بە دەستوەردانەکانی ئێران لە کاروباری ناوخۆی عێراق و بەهێزکردنی گرووپە چەکدارەکان نواندووە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی ماڵپەڕی "ئەلحوڕە" لە سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەی 28ـی حوزەیرانی ڕابردوودا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ پرسیاری لێکردووە: "ئایا ئێوە قبووڵتانە من دەستوەردان لە کاروباری ئەمنیی ئێران بکەم و گرووپی چەکدار لە ناوخۆتاندا دروست بکەم؟".
پاش وەڵامە نەرێنییەکەی عەباس عێراقچی، عەلی زەیدی پێی ڕاگەیاندووە: "کەواتە بۆچی ڕێگە بەخۆتان دەدەن گرووپە چەکدارەکان لەسەر حیسابی دەوڵەتی عێراق بەهێز بکەن؟"؛ ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق لە ململانێ هەرێمایەتییەکاندا.
تەنها دوو ڕۆژ دوای ئەو دیدارە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسداران بە سەردانێکی نهێنی گەیشتووەتە بەغدا، بەڵام بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکان، عەلی زەیدی لە باڵەخانەی حکومەتی عێراقدا و بە دەنگێکی بەرز جەختی لەسەر ڕاگرتنی پاڵپشتییەکانی ئێران بۆ گرووپە چەکدارەکان کردووەتەوە.
عەلی زەیدی لەو دیدارەدا بە فەرمی بە ئیسماعیل قائانی ڕاگەیاندووە، قۆناغی بوونی هێزە ئێرانییەکان لە عێراق کۆتایی هاتووە و گوتوویەتی: "وەک چۆن پێویستمان بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نەماوە، بە هەمان شێوە چیتر پێویستمان بە ڕاوێژکارانی ئێرانیش نەماوە".
ئەم هەڵوێستە توندەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کاتێکدایە، حکومەتەکەی لە ژێر فشاری توندی ئەمریکادایە بۆ نەهێشتنی هەژموونی میلیشیاکان و دەیەوێت پێش کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا، دۆسیەی چەکی بێمۆڵەت لە وڵاتدا یەکلا بکاتەوە.
ئەم پەرەسەندنانە ئاماژەن بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران، کە تێیدا عێراق دەیەوێت هاوسەنگیی هێز بگەڕێنێتەوە بۆ بەرژەوەندیی سەروەریی نیشتمانیی.