ڕێکخراوی بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا ڕایگەیاند، کەشتییەکی نەوتهەڵگر ئاگاداری کردوونەتەوە کە لە گەرووی هورمز کراوەتە ئامانجی هێرشێکی نەناسراو.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، ڕووداوەکە لە ئاوەکانی عومان ڕوویداوە و هێرشەکە بووەتە هۆی زیانگەیشتن و لەکارکەوتنی تەواوەتی کەشتییەکە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ئامارێکی نوێی بڵاوکردەوە و دەڵێت،لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، ٦٨ ڕووداوی ئەمنی لە گەرووی هورمز و دەوروبەری تۆمارکراون.
بە گوێرەی زانیارییەکانی هەمان ڕێکخراو، لە ئەنجامی کۆی ئەم هێرشانەی لە گەرووی هورمز ڕوویانداوە، تا ئێستا لانیکەم ٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣٥ کەسی دیکەش بریندار بوون، هەروەها دەریاوانێک تا ئێستا بێسەروشوێنە.