ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی کردەوە، ناهید خوداجوو، ژنە چالاکڤانی کورد و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە.
ناهید خوداجوو، کە خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و دانیشتووی تارانە، ئەندامی یەکێتیی ئازادی کرێکارانی ئێرانە. بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، ناوبراو کۆتایی هەفتەی ڕابردوو دەستبەسەر کراوە.
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتە ئاڕاستەکراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەو چالاکڤانە کوردە ڕانەگەیەندراوە.