سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەشی شەش مانگ خۆراکمان لە کۆگاکاندا هەیە و جێگرەوەی ئێرانیشمان دیاریکردووە، سەندیکای عەلوەی سلێمانیش دەڵێ، بەرهەمی ناوخۆیی بەشی پێداویستییەکان دەکات.
بەهۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، نیگەرانی لای هاووڵاتیان دروستبووە سەبارەت بە کەمبوونەوەی خۆراک و بەرزبوونەوەی نرخەکان، بەو پێیەی هەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی 40%ـی خواستی بازاڕ پشت بە کاڵای ئێرانی دەبەستێت.
مستەفا عەبدولڕەحمان سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکاران دەڵێ، هیچ ترسێک لە ئارادا نییە و هەرێمی کوردستان خاوەنی یەدەگێکی باشی خۆراکە. ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو شەش مانگ، بڕی پێویستی کاڵا و شمەک لە گەنجینە و کۆگاکاندا هەیە و ئەگەر شەڕیش ڕووبدات، کاریگەرییەکەی لەسەر نرخەکان زۆر نابێت.
جەختیشدەکاتەوە، لە حاڵەتی پەککەوتنی سنوورەکانی ئێران، تورکیا و ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق وەک دوو سەرچاوەی سەرەکی دەبن بۆ پڕکردنەوەی خواستی بازاڕی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ڕێگری لە هەر جۆرە کورتهێنانێکی کاڵا بکرێت.
لەبارەى بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیشەوە، سەروەر عەلی، سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێ، پشتبەستنی هەرێمی کوردستان بە سەوزە و میوەی ئێران کاتییە و لە ساڵێکدا تەنیا چوار مانگ پێویستیان بە بەرهەمی ئێرانی هەیە، چونکە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی هەشت مانگ ئاستی خۆبژێوی تێدەپەڕێنێت و بەرهەمی ناوخۆیی بەشی پێداویستییەکان دەکات.
لایەنە بازرگانییەکان بە دووری دەزانن، تەنانەت لە کاتی دروستبوونی ئاڵۆزیشدا، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ ئێران بە تەواوی ڕابگیرێت. دڵنیایی دەدرێت کە پڕۆسەی هاوردەکردن بەردەوام دەبێت و ڕێکارەکان بە جۆرێکن کە ڕێگە نادەن بازاڕی هەرێمی کوردستان تووشی شڵەژان و بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخەکان ببێت.