سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ڕایگەیاند، حکومەت بە بیانووی جیاواز ڕێگری لە چاکسازییە یاساییەکان دەکات. هەروەها بەرپرسیارێتی چەقبەستوویی پڕۆسەی چارەسەریی دەخاتە ئەستۆی دەسەڵات و ڕەخنەی توند لە پشتگوێخستنی دۆسیەکانی کوشتنی ژنان دەگرێت.
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، بە دروستی نابینن حکومەت بەبیانووی جۆراوجۆر پڕۆسەی هەموارکردن و دەرکردنی یاسا دیموکراتیکەکان دوابخات. ئەوەشی ئاشکراکرد، هیچ پەرەسەندێکی بەرچاو لە پڕۆسەی چارەسەریدا ڕووینەداوەو دواخستنی هەموارکردنەوەی یاساکان زیان بە پڕۆسەکە دەگەیەنێت.
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت گوتی، بڕیاروابوو لە جەژنی ڕەمەزاندا هەموارکردنەوەی یاساکان و دەرکردنی یاسای نوێ ئەنجامبدرێت، بەڵام حکومەت بۆ ماوەیەکی نادیاری دوایخست.
دەشڵێت، تا ئێستا هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمییان سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی 23ـی ئەم مانگەی نوعمان کورتوڵموش پێ نەگەیشتووە.
سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ئاماژەی بەوەکرد، پێشتر داوایان کردووە کۆمیسیۆنێکی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان بۆ دۆسیە گوڵستان دۆکوو پێکبهێنرێت، بەڵام ئەم داواکارییەیان لەلایەن ئاکەپە-مەهەپە ڕەتکراوەتەوە.
گوتیشی، نابێت دۆسیەی "ئیلایدا زۆرلو" کە بە فیشەکی دەمانچەی باوکی کوژراوە هاوشێوەی دۆسیەی گوڵستان دۆکوو بشێوێنرێت و ڕاستییەکان لەناوببرێن.
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت گوتی، ماوەی چەند هەفتەیەکە داوا دەکەن گۆڕانکاری لە چەند یاسایەکی خزمەتی کۆمەڵایەتی ئەنجام بدرێت بەڵام حکومەت سەرجەم داواکارییەکانی ڕەتکردووە.
لە کۆتاییشدا ڕایگەیاند، ناکرێت ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی حکومەت لە ڕووداوەکانی قوتابخانەکانی مەڕەش و ڕحا لە بیر بکرێت، چونکە بە یاسا ئاسانکاریی بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەک ئەنجامداوە.