کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 27 ساڵ بەسەر دامەزراندنی فەرمیی خۆیدا، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
کەنەکە لە ڕاگەیەنراوەکەیدا جەخت لەسەر گرنگی و پێویستیی مێژوویی پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی لە نێوان تەواوی هێز، لایەن و ڕێکخراوە کوردستانییەکاندا دەکاتەوە و پرسی یەکڕیزی بە تاکە ڕێگەی سەرکەوتن دەزانێت.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە 27 ساڵ پێش ئێستا و لە مانگی ئایاری ساڵی 1999دا، لە شاری ئەمستەردامی وڵاتی هۆڵەندا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی پارچە جیاوازەکانی کوردستان و دۆستانی گەلی کورد، دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە فەرمی ڕاگەیەندرا.
کەنەکە ڕوونی دەکاتەوە کە پرسی یەکڕیزی، خواستێکی چەند سەد ساڵەی خەڵکی کوردستان و خەونی شاعیران، نووسەران و ڕێبەرانی مێژوویی بووە.
بۆ چەسپاندنی ئەم ڕاستییە مێژووییە، لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە دێڕە شیعرێکی بەناوبانگی شاعیری گەورەی کورد، ئەحمەدی خانی کراوە، کە 332 ساڵ پێش ئێستا لە شاهکاری (مەم و زین)دا خەونی خۆی بۆ یەکڕیزی و پێکهێنانی قەوارەیەکی نەتەوەیی دەربڕیوە و دەڵێت،
کۆنسەی بەڕێوەبەری کەنەکە ڕایگەیاندووە کە دامەزراندنی ئەم کۆنگرەیە لە ڕاستیدا بەردەوامیی ئەو خەباتە مێژووییەیە و جێبەجێکردنی وەسیەتی هەموو ئەو سەرکردە، شاعیر و تێکۆشەرانەیە کە لە ڕابردوودا تەمەنی خۆیان بۆ یەکێتیی نەتەوەیی بەخشیوە.
لە کۆتاییشدا، کەنەکە پیرۆزبایی ئەم بۆنە نەتەوەییەی لە تەواوی گەلی کوردستان و دۆستانی کورد کردووە و هیوای سەرکەوتنی بۆ هێزە نەتەوەییەکان خواستووە.