کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە ڕاگەیەنراوێکدا پیرۆزبایی لە (نزار محەمەد سەعید ئامێدی) دەکات بە بۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆککۆماری نوێی عێراق و هیوا دەخوازێت ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەک بۆ دامەزراندنی عێراقێکی دیموکراسی و سەقامگیر.
لە پەیامەکەیدا کەنەکە ئاماژەی بەوە کردووە، گەلی کورد چاوەڕوانی ئەوە دەکات لە خولی سەرۆکایەتی نازار ئامێدیدا تەواوی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد بەتایبەتی مادهی 140ـی دەستوور و تەواوی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە لەسەر بنەمای دەستوری هەمیشەیی عێراق چارەسەر بکرێن.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان جەختی لە پێویستیی پاراستنی مافی ڕەوای تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی عێراق کردووەتەوە و بەتایبەتی ئاماژەی بە مەینەتییەکانی کوردانی ئێزدی و خەڵکی شەنگال کردووە و داوای کردووە کە لە سایەی سەرۆکایەتیی نوێدا ناسنامە و کولتوور و باوەڕی ئەوان بە شێوەیەکی یاسایی و کردەیی پارێزراو بێت.
کەنەکە ڕایگەیاندووە، تا کێشەی کورد بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و ئاشتییانە لە تەواوی ناوچەکەدا چارەسەر نەبێت مەحاڵە ئاشتی و ئارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر بێت، هەربۆیە داوای لە سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو کردووە بە هەڵوێست و چالاکییەکانی هەوڵ بۆ چارەسەری ئاشتییانەی ئەم دۆزە بدات.