دۆسیەی ئاڵوگۆڕی زیندانییان و دیلەکانی جەنگ لە نێوان حکومەتی کاتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هەنگاوی گەورەی بڕیوە و لە ئێستادا دۆسیەکە لە لێواری کۆتاییهاتندایە.
لە چوارچێوەی زنجیرەیەک لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی پێشوەختەی نێوان هەردوولا، تاوەکو ئێستا حکومەتی کاتیی سوریا 1032 دیلی هەسەدەی ئازاد کردووە و لە بەرانبەریشدا هێزەکانی سوریای دیموکرات 491 دیلی سەر بە حکومەتی سوریایان ڕادەستکردووەتەوە.
هاوکات بەگوێرەی نوێترین ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی سوریا، لە ئێستادا تەنیا کەمتر لە 300 دیلی هەسەدە لە زیندانەکانی حکومەتی سوریادا ماونەتەوە و بڕیار وایە لە ماوەیەکی نزیکدا هەڵسەنگاندنی ورد بۆ ئازادکردنی گروپێکی نوێ لەو دیلانە بکرێت بە مەبەستی داخستنی یەکجاریی ئەم دۆسیەیە.
جێی باسە ئەم پڕۆسەیە لە کاتێکدایە کە چاوەڕوان دەکرێت ئەم لێکتێگەیشتنە زەمینە خۆش بکات بۆ گفتوگۆی قووڵتر لەسەر پرسە سیاسی و سەربازییەکانی دیکەی ناوچەکە، بە تایبەت کە دۆسیەی زیندانییان و بێسەروشوێنان هەمیشە یەکێک بووە لە داواکارییە سەرەکییەکانی لایەنە کوردییەکان و ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوخۆی سوریا.