لەگەڵ چوونە ناو چڵەی هاوین، پێشبینی دەکرێت سبەینێ پلەکانی گەرما لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆیانەوە ببینن؛ هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمیش هۆشداری لە شەپۆلێکی گەرمای بەتین لە ڕۆژانی داهاتوودا دەدات.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، سبەینێ گەرمیان بە تۆمارکردنی 45 پلەی سیلیزی، دەبێتە گەرمترین ناوچەی هەرێمی کوردستان. لە بەرامبەردا، ناوچەی حاجی ئۆمەران بە 33 پلەی سیلیزی، وەک فێنکترین ناوچەی هەرێم دەمێنێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان هۆشداریی داوە کە بەپێی پێشبینییە سەرەتاییەکان، لە ڕۆژانی داهاتوودا پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو و بێپێشینە ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن و پێشبینی دەکرێت لە چەند ناوچەیەک بگەنە 47 تاوەکو 55 پلەی سیلیزی، کە ئەمەش پێویستی بە خۆپارێزیی زیاتری هاووڵاتییان هەیە.