کۆنگرەی ئازادیی ئێران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ سەر بارەگاکانی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (پژاک، کۆمەڵە و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران) بە توندی سەرکۆنە کرد.
کۆنگرەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم هێرشە سەربازییانە لە کاتی ئاڵۆزی و جەنگی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا دەستیان پێکردووە، بەڵام سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی فەرمی لە نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیلدا، هێرش و گوشارە سەربازییەکانی تاران بۆ سەر کوردستان هێشتا بەردەوامن و نەوەستاون.
توندبوونی دۆخی ئەمنی و زیادبوونی سزاکانی لەسێدارەدان
کۆنگرەی ئازادیی ئێران هۆشداریی توند دەدات لە تێکچوونی زیاتری دۆخی ئەمنی و مرۆیی لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکات:
سەرکوت لە سایەی ڕێککەوتنەکاندا: حکومەتی ئێران هاوشانی ڕێککەوتنە دەرەکییەکانی، لە ناوخۆدا شەپۆلێکی بەرفراوانی گرتنی چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی دەستپێکردووە.
زیادبوونی سزای لەسێدارەدان: دەرکردن و جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان لە ناوخۆی سنوورەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کردووە.
کۆنگرەی ئازادیی ئێران: "ئەم هەنگاوانەی دەسەڵات، پەیڕوکردنی سیاسەتێکی ڕێکخراوی توندوتیژییە؛ پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بە سەرجەم گوشارەکانی سەر چالاکوانان لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران بهێندرێت."