پلاتفۆرمی دیموکراتی ئێران (PDI) ڕاپۆرتی فەرمی و ڕاگەیەندراوی سیاسی-شیکاریی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی "بنیاتنانی ئێرانێکی دیموکرات"ـی بڵاوکردەوە، کە تێیدا تیشک خراوەتە سەر تەوەرە سەرەکییەکان و دەرەنجامەکانی ئەو کۆبوونەوە نێودەوڵەتییە.
کۆنفرانسەکە لە 11ی حوزەیرانی 2026 لە پەرلەمانی ئەوروپا لە برۆکسل بەڕێوەچوو؛ تێیدا چەندین ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا، کەسایەتیی سیاسی و ئەکادیمی، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و نوێنەرانی نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی ئێران بەشداربوون. بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە کە قەیرانە فرە ڕەهەندەکانی ئێران، گفتوگۆیەکی گشتگیر بۆ هێنانەدی دیموکراتی دەخوازێت و داهاتووی وڵاتەکە تەنیا بە گۆڕینی دەسەڵات دیاری ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان هەیە لەسەر بنەمای ئازادی، یەکسانی و ڕێزگرتن لە فرەیی.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە، پرسی نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی ئێران بووە.
بەشداربووان ئاماژەیان بە واقیعی فرەنەتەوەیی، فرەکولتووری و فرەئایینی ئێران کرد و داوای کۆتایهێنان بە سیاسەتی نکۆڵیکردن، تواندنەوە و مەرکەزییەتی ڕەهایان کرد.
هاوکاری لە ڕێگریکردن لە پشتگوێخستنی ئەم نەتەوانە و دروستکردنی میکانیزمێکی دیموکراتیک بۆ بەشداریی یەکسانی هەمووان، بە پێویست زانرا.
تەوەرێکی دیکەی گرنگی کۆنفرانسەکە، ڕۆڵی ژنان، کۆمەڵگەی مەدەنی، گەنجان و بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بوو لە پرۆسەی گۆڕانی دیموکراتیدا.
ئەم بزووتنەوەیە وەک گوزارشتێکی بەهێز لە داخوازیی کۆمەڵگە بۆ ئازادی و کەرامەتی مرۆیی وێناکرا.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، پلاتفۆرمی دیموکراتی ئێران جەختی لەسەر گرنگیی دادپەروەریی، ئازادیی میدیا، سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و پاراستنی ژینگەیی کردەوە.
ئاماژە بەوەش درا کە سەقامگیریی بەردەوام لە ئێران و ناوچەکەدا تەنیا لە ڕێگەی دیموکراسی و بەشداریی گەلەوە بەدی دێت، نەک لە ڕێگەی شەڕ یان دەستوەردانی سەربازیی دەرەکی. پلاتفۆرمەکە دووپاتی کردەوە کە ئەم کۆنفرانسە تەنیا چالاکییەکی کاتی نییە، بەڵکو سەرەتای پرۆسەیەکی بەردەوامە بۆ فراوانکردنی دیالۆگی دیموکراتی لە نێوان هێزە ئازادیخوازەکاندا.