دوای 64 ساڵ لە پەراوێزخستن و بێناسنامەیی، کوردانی ڕۆژاڤای کوردستان کە ساڵانێکی درێژ لە سوریادا بە "بێگانە" و مەکتووم (بێ تۆمار) ناودەبران، ئێستا لە تۆمارە نوێیەکانی باری شارستانیدا تەنیا بە سوری پێناسە دەکرێن.
ئەمەش دوای ڕێککەوتنی 29ـی مانگی یەکەمی ئەمساڵ لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی سوریا دێت، کە بەهۆیەوە لە 6ـی ئەم مانگەوە ناوەندەکانی تۆمارکردنی هاوڵاتیان لە شارەکانی قامیشلۆ، دێرک، حەسەکە، چلئاغا و درباسیێ کراونەتەوە و هاوڵاتییان بۆ سەلماندنی ڕاستی و درووستی ناسنامەی خۆیان ڕوویان تێکردووە.
بێبەشبوونی کوردانی ڕۆژاڤا لە ناسنامە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1962، کاتێک حکومەتی ئەوکاتی سوریا لە چوارچێوەی پڕۆژەی (پشتێنەی عەرەبی) و بە سەرژمێرییەکی تایبەت، مافی هاوڵاتیبوونی لە نزیکەی 300 هەزار کورد سەندەوە.
ئەمەش بووە هۆی بێبەشبوونی نەوە لە دوای نەوەی کورد لە سەرەکییترین مافەکانی وەک تەواوکردنی خوێندنی باڵا، دامەزراندن، خاوەندارێتیی موڵک و گەشتکردن. کاریگەرییەکانی ئەو ستەمە مێژووییە تا ئێستاش بەردەوامە، تەنانەت نزیکەی 200 هەزار کوردی ڕۆژاڤا کە کۆچیان بۆ ئەوروپا کردووە، هێشتا بێ ناسنامەن.
سەرەڕای ئەوەی لەسەرەتای دەستپێکردنی پڕۆسەی تۆمارکردنە نوێیەکەدا هەوڵدرا لە فۆڕمەکاندا کوردان وەک (عەرەبی سوری) تۆمار بکرێن، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتییە توندەکانەوە، لە 9ـی مانگ پاشەکشێ بەو بڕیارە کرا و تەنیا دەستەواژەی (سوری) بەکارهێنرا.
لەگەڵ ئەوەی وادەی خۆتۆمارکردن درێژکراوەتەوە و کێشەکان چارەسەر کراون، بەڵام هاوڵاتییانی کورد هێشتا بە گومانن. ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە، بڕیارە کاتییەکان کێشەکان چارەسەر ناکەن و داوای دەستوورێکی بنەڕەتیی گشتگیر دەکەن کە مافە نەتەوەیی، کلتوری و زمانەوانییەکانیان بەتەواوی تێدا پارێزراو بێت، چونکە پێیانوایە گرەنتیکردنی مافەکانی پێنج ملیۆن کورد، زامنی سەقامگیریی داهاتووی سوریایە.