ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ژنان (UN Women) لە ڕاپۆرتێکدا کە لە قاهیرە بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند کە حکومەتی ژاپۆن پڕۆژەیەکی مرۆیی نوێی بۆ ماوەی ساڵێک و بە بودجەی 646 هەزار و 666 دۆلار بۆ پشتگیریکردنی ئەو ژنانە ڕاگەیاندووە کە بەهۆی شەڕ و تەنگژە ئابوورییەکانەوە لە عێراق، سوریا و لوبنان ئاوارەبوون یان لە دۆخێکی سەختدا دەژین.
ئەم پڕۆژەیە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هاوکاری دەگەیەنێتە 11 هەزار ژن و زیاتر لە 60 هەزار کەسی دیکەش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ سوودمەند دەبن.
هاوکات کار بۆ باشکردنی دۆخی ژیانی 4ملیۆن و600 هەزار ژن دەکات کە ڕووبەڕووی توندوتیژی و بێبەشبوون لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بوونەتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، بەشێکی گرنگی بودجەکە بۆ بەهێزکردنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی تایبەت بە ژنان تەرخانکراوە، تاوەکو ڕۆڵێکی چالاکتر لە چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەدا بگێڕن.